سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بۆنەیەکدا پرۆژەی «جۆراوجۆری زیستی لە کوردستان»ی ڕاگەیاند و داوای لە هاووڵاتیان کرد بە پێشکەشکردنی زانیاری و وێنە، بەشداری پاراستن و بەڵگەنامەکردنی ژیانی سروشتی کوردستان بکەن. ئەو وتی: «هیوادارم هەموومان پابەندی کولتووری پاراستن و پەرەپێدانی ژینگە بین و ڕێز لە سروشت و ژینگەکەمان بگرین.»
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ۲۰ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بۆنەیەکی تایبەتدا پرۆژەی «جۆراوجۆری زیستی لە کوردستان»ی ڕاگەیاند؛ دەستپێشخەرییەکی گرنگ لەلایەن «بنیاتی کوردستان» (Kurdistan Foundation) بۆ تۆمارکردن، ناساندن، توێژینەوە و پاراستنی ئاژەڵان، ڕووەکەکان و ناوچە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا داوای لە هاونیشتمانانی کوردستان کرد بە پێشکەشکردنی زانیاری، بۆچوون، پێشنیار، وێنە و بەڵگە سروشتییەکانیان، یارمەتی ئەم دەستپێشخەرییە بدەن و بەشداری ناساندن و بەڵگەنامەکردنی ژینگەی کوردستان و پاراستنی سروشتەکەی بکەن.
دەقی وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ هەموو میوانە بەڕێزەکان؛ زۆر بەخێربێن و دڵخۆشم کە لە نێو کۆڕی ئێوەدام.
ئەمڕۆ پرۆژەیەکی زۆر گرنگ، تایبەت و دەگمەن بە ناوی «جۆراوجۆری زیستی لە کوردستان» ڕادەگەیەنین کە دەستپێشخەرییەکی گرنگی دیکەی «بنیاتی کوردستان»ە. ئامانجی ئەم پرۆژەیە تۆمارکردن و ناساندنی ئاژەڵان، ڕووەکەکان و ناوچە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، ناسینەوەی جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک و ئاژەڵ و دواتر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بۆ پاراستنیانە.
ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ناساندنی هەرچی زیاتر پێکهاتە جیاوازەکانی سروشتی ڕەنگاڕەنگ و دەوڵەمەندی کوردستان بە جیهان. بۆیە سوپاس و ماندوونەبوونم بۆ جێبەجێکاران، چاودێران، ڕاوێژکاران و هەموو کارمەندانی ئەم پرۆژە گرنگە دەڕبڕم، هیواخوازم سەرکەوتن و بەردەوامییان بۆ و پشتیوانی تەواوی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆیان ڕادەگەیەنم.
بەڕێزان،
خوای گەورە سروشتێکی جوان، دڵڕفێن و ڕازاوەی بە کوردستان بەخشیوە؛ بەڵام بەداخەوە بەهۆی جەنگەکان، هێرش و پەلامارەکانی دوژمنانی کوردستان، ئەم سروشتە جوانە لە ماوەی سەدەیەکی ڕابردوودا ڕووبەڕووی وێرانکاری، تێکدان و گۆڕانکاریی زۆر بووەتەوە. بە تایبەتی لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، هەزاران گوند و ئاوهدانیی کوردستان سووتێنرا و وێران کران. شاخەکان، کانییەکان، ناوچەکانی هاوینە و گەشتیاریی کوردستان تەقێنرانەوە، ئاژەڵان، زیندەوەران و دارستانەکانی لەنێوبراون و چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو دژی خەڵک و سروشتی جوانی کوردستان بەکارهێنرا.
ئەگەرچی دوای ڕاپەڕینی شکۆمەندی مارس ۱۹۹۱، بەشێکی زۆر لە گوند و ئاوهدانییەکانی کوردستان دووبارە بنیاد نرانەوە و لە سنووری توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خزمەتگوزارییان بۆ کراوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە خزمەتگوزاریی زیاتر، پاراستن و پەرەپێدان هەیە.
بێگومان پاراستنی سروشت و ژینگە تەنها ئەرکی حکومەت نییە؛ بەڵکو هەر یەکەی خەڵکی کوردستان دەبێت بۆ پاراستنی ژینگە هەوڵ بدات، چونکە سەرمایە و سامانە گشتییەکەی هەموومانە. پاراستنی ژینگە تەنها پاک و خاوێن ڕاگرتنی نییە؛ بەڵکو پاراستنی دار، ئاو، دارستان و ئاژەڵانیش دەگرێتەوە. هیوادارم هەموومان پابەندی کولتووری پاراستن و پەرەپێدانی ژینگە بین، ڕێز لە ژینگەکەمان بگرین و وەک ماڵی خۆمان پارێزگاری لێ بکەین.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەم پرۆژەیەش دەبێتە دەستپێشخەرییەکی گرنگ بۆ پاراستن و ناساندنی مۆدێرن و زانستیترەی ژینگە و سروشتی کوردستان و دەبێتە پلاتفۆرم و ناوەندێکی باوەڕپێکراو دەربارەی جۆراوجۆری زیستی لە هەرێمی کوردستان کە ئامانجی پاراستنی درێژخایەنی ژیانی کێوی و زیندەوەرە سروشتییەکانی کوردستانە. بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ئێستا لە سەردەمی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەژین؛ دیاردەیەک کە ئالنگاری و کێشەی گەورەی لەبەردەم ناوچەکەمان و جیهان داناوە و دەبێت بە هەر شێوەیەکی ممکن خۆمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئالنگارییانە ئامادە بکەین.
لێرەدا پێویست دەزانم داوا لە هاونیشتمانانی کوردستان بکەم کە بە پێشکەشکردنی زانیاری، بۆچوون، پێشنیار، وێنە و بەڵگە سروشتییەکانیان، یارمەتی ئەم بەرنامەیە بدەن و ڕۆڵیان لە ناساندن و بەڵگەنامەکردنی جۆراوجۆری زیستی کوردستان و پاراستنی سروشتەکەی هەبێت.
لە ئەم پرۆژە نیشتیمانییەدا، داتا و زانیارییەکانی توێژەران، سەرچاوە زانستییەکان و وێنەکان لە ڕێگەی ماڵپەڕی biodiversity.krd و نەخشەیەکی زیندوو و زیرەکەوە پێشکەش دەکرێن تا ببێتە سەرچاوەیەکی هاوبەش بۆ توێژەران، دامەزراوە ئەکادیمییەکان، پەروەردە، هۆشیارکردنەوە و پلاندانان؛ شوێنێک کە تێیدا خاوەنانی وێنە و سەرچاوەکان دیاری دەکرێن و کەموکوڕییەکانیش بە ڕوونی باس دەکرێن.
وەک هەنگاوێکی زانستی بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەمەندی سروشتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژە تایبەتە جێبەجێ کراوە کە تێیدا کۆی جۆرە تۆمارکراوەکان تا ئێستا گەیشتووەتە ۲,۲۵۲ جۆر (لەوانە ۸۵۸ جۆری ئاژەڵ و ۱,۴۰۸ جۆری ڕووەک). بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە گەورە نیشتیمانییە و دیاریکردنی جۆرەکان، تیمێکی پسپۆڕ و فرەپسپۆڕ کاریان کردووە کە بریتین لە:
۸ ئەندامی تیمی یەکەی هەرێم
۸ توێژەر
۴ وێنەگر
۲ نووسەر
لەگەڵ ڕاوێژکاری تایبەتی پرۆژەکە
ئەوەی ئاماژەم پێکرد، زیاتر سەرنجی لەسەر هەرێمی کوردستانی عێراقە و زۆربەی ئەو شتانەی تۆمار کراون پەیوەندییان بە پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی عێراقە؛ بەڵام بە دوور لە سیاسەت، هەر شوێنێک کە بە خاکی کوردستان دادەنرێت، هیوادارم گرنگیی پێ بدەن و ئەو ئاژەڵ و ڕووەکانەی لە هەر پێوەیەک لە خاکی کوردستاندا هەن، هەروەها تۆمار بکرێن؛ چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دراوسێ. هیوادارم لە هەر کوێیەکی خاکی کوردستاندا گرنگی بەو بابەتە بدرێت و ئەم زانیاری و داتایانە کۆ بکرێنەوە؛ چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ڕووی زانستییەوە زانیاری و داتای زیاتر پێشکەش بکرێت و گرنگیی زیاتر بدرێت بەو دەوڵەمەندییە سروشتییە گرنگەی کە بۆ هەموومان بە نرخە.
ئەرکی دیکە تەنها تۆمارکردن نییە، بەڵکو پاراستنی ئەم ئاژەڵ و ڕووەکانەشە. پاراستنیان ئەرکی هەموومانە؛ ئەرکی حکومەت، هەر یەکەی هاووڵاتیان و هەر کەسێکە کە دۆستی ژینگەیە و ڕێز لە سروشت دەگرێت.
جارێکی دیکە سوپاس و ماندوونەبوونم بۆ کارمەندان و هەموو پرسنەلی ئەم پرۆژە گرنگە دەڕبڕم و هیواخوازم سەرکەوتنتان بۆ.
کوردستانمان ئاوا بێت، و هیوادارم هەموومان بەشێک بین لە پرۆژەی پاراستنی سروشتی ڕەنگاڕەنگی کوردستان.
دەستان خۆش بێت.







