نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەزلوم عەبدی دیداری کرد و لەم کۆبوونەوەیەدا، دۆخی گشتیی سووریا، پرسی کوردەکان لەم وڵاتە و دوا هەواڵەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
ئێوارەی دووشەممە، ۱۲ ئۆکتۆبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مەزلوم عەبدی کرد.
لەو دیدارەدا، دۆخی گشتیی سووریا، باری کوردەکان لەم وڵاتە و دوا هەواڵەکانی ناوچەکە گفتوگۆیان لەسەر کرا و هەردوو لا جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئارامی و جێگیری کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووبارە جەختی لە پشتگیریی هەرێمی کوردستان بۆ سووریایەکی ئارام و جێگیر کرد؛ سووریایەک کە مافەکانی کوردەکان و هەموو کەمینەکانی دیکەی تێدا پارێزراو بێت. هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا کرد.
لە بەشی خۆیدا، مەزلوم عەبدی دەربڕینی پێزانین و سوپاسی خۆی بۆ مووقف و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مافەکانی کوردەکان و هەوڵەکانی لە پێناوی ئاشتی و جێگیری خستەڕوو.







