سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا و شاندی هاوڕێی کرد و هاوکارییە سەربازییەکان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 19 ئۆکتۆبەری 2026، نچیروان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جاناتان پاوڵ، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا و شاندی هاوڕێی کرد.
لە دیدارێکدا کە ئێرفان سەدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازی، و هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا خرانە بەرباس.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، دوا گۆڕانکارییە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچە بە گشتی، لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی، لە بابەتە سەرەکییەکانی تری ئەم دیدارە بوون کە کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئامادە بوو.







