د. جەیمس حەسدو هیدۆ و ڕامی نوری سیاوەش، نوێنەرانی پێکهاتەی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق، بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییەی"ان کرد کە کەنیسەی "مار جاورجیوس"ـی ئۆرسۆدۆکسی لە پارێزگای کەرەکی ئوردن کردە ئامانج.
نوێنەرانی کریستیان لە پەیامێکدا ڕایان گەیاند: "بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کەنیسەی مار جاورجیوس-مان پێ گەیشت، کە لەلایەن تیرۆریستانی توندڕۆوە ئەنجام درا و بەهۆیەوە 7 کەس شەهید بوون و 34 کەسی دیکەش بریندار بوون."
لە پەیامەکەدا نوێنەران وێڕای دەربڕینی هاوسۆزیی تەواو لەگەڵ پاتریارکییەتی ڕۆمی ئۆرسۆدۆکس، گەل و سەرکردایەتیی شانشینی ئوردنی هاشمی، جەختیان لە پشتیوانیی خۆیان بۆ هاووڵاتییانی کریستیان لە ئوردن کردەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەشیاندا نوێنەرانی کریستیان لە پەرلەمانی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ برینداران خواست.







