مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەنتی پوتکۆنین، باڵیۆزی فینلەند لە عێراق، دیداری کرد و هەردوو لایەن جەختیان لە چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، وەک یەکەم هەنگاو بەرەو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
یەکشەممە ۱۱ ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەنتی پوتکۆنین، باڵیۆزی فینلەند لە عێراق، کرد.
هەردوو لایەن جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و فینلەند کردەوە.
هەروەها دیدگا و بۆچوونەکانیان سەبارەت بە پێویستی چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک یەکەم هەنگاو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرد.
چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، و گرنگی ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و داواکارییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بەشی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی ساڵی ۲۰۲۷ بە پشتبەستن بە ڕێژەی ۱۴ لە سەدی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە ئەنجامی فەرمی و پشتڕاستکراوەی سەرژمێری ساڵی ۲۰۲۴ە، بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیانە بوو.







