سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر دیداری کرد. هەردوو لا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰ ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە «شتێفان ڤێنت» (Stefan Vent)، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کرد.
سەرۆکی حکومەت لەگەڵ پیرۆزبایی بۆ دەستپێکردنی کارەکەی، هیواخوازیی سەرکەوتنی بۆ کرد لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیدا و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕاگەیاند.
بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر جەختی کردەوە لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا.
ئەو چاکسازییەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا دەیکات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، بەشێکی تری گفتوگۆکان بوو.







