سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆی زاخۆ، بناغەی پرۆژەی گەشتیاری «گۆلی زاخۆ»ی دانا و ڕایگەیاند کە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری بەشێکی سەرەکیی پلانی کابینەی حکومەتە بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۵ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بناغەی پرۆژەی گەشتیاری گۆلی زاخۆی دانا.
سەرۆکوەزیران لە ڕێوڕەسمێکدا قسەی کرد و لەگەڵ دەربڕینی خۆشحاڵی، جەختی کردەوە کە گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری بەشێک بووە لە پلانی کابینەی حکومەت و حکومەت لەم بوارەدا لە هیچ هەوڵێک خۆی نەپارێزێت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جگە لە سروشتی خۆی، شوێنە مێژوویی و ئایینییە زۆرێکی هەیە کە دەتوانرێت بۆ گەشتوگوزار کەڵکیان لێ وەربگیرێت و لەوانەدا وەبەرهێنان بکرێت.
ئەمە دەقی تەواوی وتارەکەیە:
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
خوشک و برا بەڕێزەکان
بەشداربووانی بەڕێز
هەمووتان بەخێربێن. زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لەگەڵتانم بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاریی ستراتیژی کە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نموونەیی و پرۆژەیەکی گەورەیە. بە گەرمترین شێوە بەخێرهاتنتان دەکەم و دڵخۆشم کە ئەمڕۆ بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە دادەنێین. دڵنیام کە دوای تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتر بەشی گەشتیاری لە ناوچەی بادینان و بە گشتی لە هەرێمی کوردستان.
سوپاسی کۆمپانیای «مارمونتانا» و برا خۆشەویست حاجی سامان دەکەم بۆ ئەو کارە بەهادارەی کە ئەنجامیان داوە، هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم بۆ ئەو ئاسانکارییانەی کە دابینیان کردووە و هاوکارییان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ. سوپاسی خەڵکی زاخۆ دەکەم بۆ پشتگیریی بەردەوام و خۆشەویستی و حەزیان بە ژینگە، شار و نیشتمانی خۆیان کە نیشانیان داوە؛ ئەمە بەڕاستی جێی سوپاس و شانازییە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەکەی و بە هاوکاریی بەشی تایبەت، گرنگی و بایەخی زۆری بە بەشی گەشتیاری داوە؛ ئەم هەنگاوە لە ڕێچکەی سیاسەتی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابووریی هەرێم و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات هەڵگیراوە.
هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچەی بادینان، لە ڕووی گەشتیارییەوە شوێنی زۆر جوان و دڵخۆشکەری هەیە و لە پێگەیەکی گرنگدا هەڵکەوتووە. هەروەها دەرفەتی زۆر باشی تێدایە کە دەبێتە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتی کارکردنی زۆر بۆ خەڵک و گەنجانمان دابین دەکات.
کوردستان سروشتێکی زۆر جوان و دڵڕفێنی هەیە. ماوەیەک لەمەوبەر هاتمە زاخۆ و سەردانی زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکانم کرد. ڕاستییەکەی ئەگەر بڵێم، شوێنی زۆر جوان و کەشووهەوای خۆشی هەیە و باوەڕم پێ بکەن، لە هەموو شتێک خۆشتر ئەوە بوو کە من هیچ پاشماوەیەکم نەبینی لە کەناری شەقامەکاندا فڕێدرابێت، کە ئەمە خۆی جێی سوپاسە.
هیوادارم خەڵکەکەمان لەم پرۆژە گەشتیارییانە سوودمەند ببن. میوانیش بۆ ئێرە دێن؛ ڕێز لە میوانەکان بگرن و داواکارییەکەمان ئەوەیە کە ئەوانیش ڕێز لە ژینگەی هەرێمی کوردستان و ئەم پرۆژانە بگرن. بە یەکەوە دەتوانین هەنگاوی باشتر بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەم ناوچەیە بنێین.
بەداخەوە لە کاتەکانی ڕابردوودا زیانی زۆر بە سروشتی کوردستان گەیشتووە و زۆرێک لە گوندەکانمان وێران بوون. هەتا ئێستا بەهۆی نائارامییەکان، جەنگ، پێکدادانەکان و نەبوونی ئاسایش و ئارامی، بە تایبەتی لە هەندێک خاڵی سنووری، هەموو شوێنێک ئاوەدان نەکراوەتەوە. هیوا دەخوازین کە بە زوویی ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانەش و ئەوانیش دووبارە ببنە بەشێک لە پرۆژە گەشتیارییەکان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ و پرۆژەکانی وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، لەوێش جێبەجێ بکرێن.
لەگەڵ ئەوەی کوردستان سروشتێکی جوانی هەیە، لە ڕووی مێژووییشەوە شوێنە مێژووییە زۆر سەرنجڕاکێش و زۆرێک لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان هەن؛ لە دهۆک، زاخۆ، ئامێدی، ئاكرێ، سیمێل، بەردەرەش (پێویستە ناوی هەموو شوێنەکان بهێنم، چونکە ڕەنگە هەندێک هاوڕێ بڵێن)، لە بەتێفا، کانی ماسی و بە گشتی ناوچەی بادینان. بەڵام جارێکی تر لە هەولێر، لە سۆران، ڕەواندز، ئەشکەوتی شانەدەر، قەڵای مێژوویی هەولێر، شوێنی زۆر سەرنجڕاکێش هەن؛ خەنس و زۆرێک لە بەڵگە مێژوویی و کۆنەکان کە خەڵک دەتوانن سەردانیان بکەن. هەروەها لە ناوچەی گەرمیان، سلێمانی، ڕانیە و قەڵادزێ، شوێنی مێژوویی زۆر هەن کە خەڵک دەتوانن سەردانیان بکەن.
جگە لە بەڵگە کۆنە مێژووییەکان، شوێنی ئایینی زۆر هەن، وەک مزگەوت، کڵێسا و شوێنی پەرستش، کە دەتوانن هۆکارێک بن بۆ گەشتی ناوخۆیی و بیانی بۆ هەرێمی کوردستان و سەردانی ئەم شوێنانە. بۆیە کوردستان ئەو توانستەی هەیە کە گرنگییەکی زیاتر بە پیشەسازیی گەشتوگوزار بدات و ئەم جۆرە پڕۆژانە زیاتر جێبەجێ بکات، تاکو دەرفەتی کاری زیاتر بۆ خەڵکی ناوچەکە دابین بکرێت؛ لەم ڕێگەیەوە ئەوانیش دەتوانن ئاستی ژیانی خۆیان باشتر بکەن و کوالیتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی ناوچەکە بەرز بکەنەوە.
ئەرکی حکومەتیش ئەوەیە هاوکاری و ئاسانکاریی زیاتر لە بوارەکانی دەرکردنی مۆڵەتەکان و پشتگیریی ئەم پڕۆژانە پێشکەش بکات؛ حکومەتیش لە کاتی پێویستدا بۆ پڕۆژە هاوبەشەکان هاوکاری دەکات، تاکو زیاتر گرنگی بە جۆراوجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان بدەین.
حکومەت لە زۆر بواردا ئاسانکاریی دابین کردووە؛ بە تایبەتی لە بوارەکانی دروستکردنی ڕێگا یان زیادکردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، جا بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکان بێت یان بۆ خزمەتگوزارییە ڕۆژانەکانی هاووڵاتیان کە بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان سەردان دەکەن. ئەم خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییانە دەتوانن زۆر یارمەتیدەر بن، تاکو کۆمپانیاکان لە کەمترین کاتی ممکن کارەکانیان پێش بخەن و خەڵکیش سوود لە خێرایی ئەم خزمەتگوزارییانە ببینن.
لە کۆتاییدا، داواکاریی من لە هەموو هاووڵاتیان و گەشتیارانە بیانییەکان کە دێنە ئێرە ئەوەیە ڕێز لە سروشتی هەرێمی کوردستان بگرن، پارێزگاری لەم پڕۆژانە بکەن و پاکوخاوێنی بپارێزن؛ چونکە بەڕاستی بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان، پاکوخاوێنی تەنها جوانیی سروشتی ئێمە زیاتر ناکات، بەڵکو هەر پێوێک لە خاکەکەمان بۆمان پیرۆزە؛ چونکە خزمەتکردن، خەبات و ماندووبوونی زۆر بۆ پاراستنی ئەم خاکە کراوە و خوێنی شەهیدان بەسەریدا ڕژاوە. بۆیە پاک ڕاگرتنی خاک و نیشتمانەکەمان ئەرکێکە و هیواخوازم هەمووان ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەن و سروشتی خۆیان پاک ڕابگرن. ئینشائەڵڵا هەمیشە تەندروست و ساغ بن.
بۆ ناوی ئەم پڕۆژەیەش پێشنیارێکم هەیە؛ ئێوە خەڵکی زاخۆ، کاتێک کەسێک خەڵکی زاخۆ بێت پێی دەڵێن «زاخۆیی»، وای نییە؟ ئەمەش «گۆڵی زاخۆ»یە، گۆڵی زاخۆ، یان بە ئینگلیزی (Zaxo Valley). واتە ئەگەر هەمووتان ناوی «زاخۆڵی»ی لێ بنێن، پڕۆژەکە بە ناوی «زاخۆڵی» ناوبنێن، بە بۆچوونی من ناوێکی زۆر گونجاوە. ئەگەر ئێوەش ئەمە بەدڵتان بێت، ئینشائەڵڵا سەرکەوتوو دەبن و کوردستانیش هەمیشە ئاوادان بمێنێت. زۆر سوپاس.







