سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ کەسایەتی و نوێنەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچەی بادینان دیداری کرد و جەختی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ ئەم ناوچەیە، پشتیوانیکردن لە کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی جوتیاران کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۶ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، مەسرور بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی کەمینەکان و چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچەی بادینان دیداری کرد.
سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە مێژووی خەبات و قوربانیدانە پڕشکۆکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان کرد و جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت بە شێوەیەکی شایستە و بێ جیاوازی خزمەت بە خەڵکی ئەم ناوچەیە و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات.
سەرۆکی هەرێم هەروەها ئاماژەی بە پێگەی گرنگی ئەم ناوچەیە لە ڕووی ئابووری، گەشتیاری و کشتوکاڵەوە کرد و لەو بارەیەوە جەختی کردەوە کە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەت بۆ جۆراوجۆرکردنی ئابووری، گرنگیمان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمە ناوخۆییەکان داوە و بۆ یارمەتیدانی جوتیارانی کوردستان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان هەوڵمان داوە.
لە بەردەوامیدا، سەرۆکی هەرێم وەڵامی بۆ بۆچوون و تێبینی و پێشنیارەکانی ئامادەبووان دایەوە.







