مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی ناوچەی بادینان کۆبووەوە. مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: «بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ بەشی تایبەت.»
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ۲۶ ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران، گرێبەستکاران و وەبەرهێنەران کۆبووەوە.
سەرۆکی حکومەت بە سوپاسەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی بەشی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کرد لە یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ گەشەپێدانی هەموولایەنەی ئابووری و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی بەشی تایبەتی کرد کە هاوشانی حکومەت ڕۆڵێکی چالاکی لە گەشەپێدانی زیاترەوەی گەشەی بازرگانی و دروستکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کوردستان هەبووە. هەروەها جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی و پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ بەشی تایبەت بەردەوام دەبێت، تاکو هەموو بەشەکان گەشە بکەن و خزمەتگوزاریی باشتر بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکرێت.







