مەسرور بارزانی ڕێگای دوو هێڵی شێخان - باعدریی کردەوە و ڕایگەیاند: جێی دڵخۆشییە کاتێک دەبینین کوردستانەکەمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئاوهدان دەبێتەوە.
ئەم ئێوارەی دووشەممە، ۲۶ ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیری هەرێمی کوردستان، ڕێگای دوو هێڵی شێخان - باعدریی کردەوە.
ئەو لە وتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم شەقامەدا پێشکەشی کرد، وتی: «ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ کردنەوەی ئەم ڕێگایەی دوو هێڵ لەنێوان ناوەندی شارۆچکەی شێخان و شەقامی باعدری بۆ دهۆک، کە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان دەکات؛ هیوادارم هەمووان سوودی لێ ببینن.»
مەسرور بارزانی ئاماژەی کرد: «دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار (North Light) دەکەم کە پێش کاتی دیاریکراو ئەم پڕۆژەیەی جێبەجێ کرد و خستییە خزمەتی خەڵکی ئێمە.»
ئەو لە هەمان کاتدا هیوا خواست کە هەموو خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ و شۆفێری جێبەجێ بکەن و تەندروستی خۆیان و هاووڵاتییەکانی دیکە لەبەرچاو بگرن: «بە خواستی خودا چاکیی ئەم پڕۆژەیە ببینن، من دەزانم هەندێک کاری دیکەش لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدا کراون و هەندێک ڕێگای گوندییش جێبەجێ کراون؛ ئەمە ئەرکی حکومەتە کە بتوانین بە شێوەیەکی زیاتر و بێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییەکانی کوردستان بکەین، بەڵام جێی دڵخۆشییە کاتێک دەبینین کوردستانەکەمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ئاوهدان دەبێتەوە و پڕۆژەی وەها جێبەجێ دەکرێن.»
لە کۆتاییدا مەسرور بارزانی وتی: «دەستخۆشی لە هەموو ئەندازیاران، کرێکاران و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم پڕۆژەیەدا کاریان کردووە؛ ئێوە زۆر ماندووبوون، ماندوونەبن، بە خواستی خودا خودا پاداشتی هەمووان بدات و هەمووانیش چاکیی ئەم پڕۆژەیە ببینن و هەمیشە سەرکەوتوو بن. کوردستانەکەمانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاوهدانتر بێت.»







