نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە پێشوازی لە قاسم العبودي، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، کرد.
لەو دیدارەدا، دۆخی عێراق دوای قۆناغی دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریزم گفتوگۆ و تاوتوێ کران. هەردوو لایەن جەختیان لە گرنگی بەردەوامبوون و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە، سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و دامەزراندنی سەقامگیری لە سەرانسەری وڵات.
دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق، سیاسەتی ئەمنییەتی عێراق بۆ ئەم قۆناغە و پێویستی هاوکاری و هەنگاوی هاوبەشی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییەکان و پاراستنی ئاسایش، هەروەها ڕۆڵی ئەوە لە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، بابەتێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیە بوو.







