سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هاوبەشسەرۆکی پارتەی دیم (DEM Parti) کرد. لەو دیدارەدا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوا گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە پێویستی پشتگیری هەموو لایەنەکان لەم پرۆسەیە کرایەوە.
بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە ۱۳ی ئۆکتۆبەر، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە تونجەر باکرجان، هاوبەشسەرۆکی پارتەی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دیم)ی تورکیا کرد.
لەو دیدارەدا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دوا گۆڕانکارییەکانی گفتوگۆیان لەبارەوە کرد. هەردوو لایەن جەختیان لە گرنگی بە قەدری زانینی ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ گەیشتن بە ئاشتی کرد و دووبارە ڕایانگەیاند کە نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت. هەروەها ئاماژە بە پێویستی پشتگیری هەموو ڕەوتەکان لەم پرۆسەیە کرا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دووبارە دەربڕینی پشتگیری خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە یارمەتیدانێکی پێویست بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە ڕاگەیاند و جەختی لە گرنگی ئاشتی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی تورکیا و هەموو ناوچەکە کردەوە.
لە بەرامبەردا، تونجەر باکرجان سوپاس و پێزانینی خۆی و پارتەی دیم بۆ موەقف و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە بواری یارمەتیدان و پشتگیریکردن لەم پرۆسەیەدا.







