هەردوو پەرلەمانتاری پێکهاتەی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێبکات و کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە.
هەردوو پەرلەمانتار جێمس حەسدۆ هیدۆ و ڕامی نووری سیاوەش، پەرلەمانتارانی پێکهاتەی کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن، لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، پشتگیریی خۆیان بۆ دەستپێشخەریی کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕاگەیاندووە و دووپاتیدەکەنەوە: "ئێمە پێشوازی لە ئامادەیی سەرۆکی تەمەن دەکەین بۆ بانگهێشتکردنی فەرمیی فراکسیۆنەکان و بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان".
هەروەها داوایان لە سەرۆکی تەمەن کردووە بەبێ هیچ کۆتوبەندێکی پێشوەختە، ڕۆژی دانیشتن دەستنیشان بکات تاوەکو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێرەوی سروشتیی خۆی بگرێتە بەر و بە تەواوی ئامادەن بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکاندا.
لە کۆتایی پەیامەکەشیاندا، نوێنەرانی پێکهاتەی کلدان سریان ئاشوری و ئەرمەن هیوایان خواستووە کە سەرۆکی تەمەن و سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی کوردستان لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و بە پەلە پەرلەمان کارا بکەنەوە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
بەرێز سەرۆکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان - عێراق
پەیامەکەی بەرێزتانمان بینی کە ئامادەیی خۆتان دەربڕیوە بۆ بانگێشتکردنی فەرمی فراکسیۆنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی دانیشتن.
ئێمە وەک دوو پەرلەمانتاری پێکهاتەی کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن، پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەکەین و داوا لە بەڕێزتان دەکەین بەبێ هیچ کۆتوبەندێکی پێشوەختە رۆژی دانیشتن دەستنیشان بکەن، بۆئەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێرەویی سروشتی خۆی بگرێتەبەر ، و ئێمەش ئامادە دەبین.
هیوادارین بەرێزتان و هەموو فراکیسۆنەکانی پەرلەمان بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییانی کوردستان لەسەرووی هەمووشتێکەوە دابێن و پەرلەمان کارا بکەنەوە.
جێمس حسدۆ هیدۆ/ پەرلەمانتاری کلدان سریان ئاشووری و ئەرمەن لە دهۆک
رامی نووری سیاوش/ پەرلەمانتاری کلدان ئاشووری سریان و ئەرمەن لە هەولێر
کوردستان-عێراق
24 تشرینی یەکەمی 2026







