بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی قەزای ئاکرێ لەسەر تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەک لە تەنیشت "پارکی ئاکرێ"، ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی بڵاوکردەوە و داوا دەکات زانیاریی نادروست و بێ بنەما بڵاو نەکرێتەوە.
پۆلیسی ئاکرێ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا دەکات بە شێوازێکی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکەدا بکەن، جەختیش دەکاتەوە کە زانیارییە دروستەکان تەنیا لە ڕاگەیاندنی فەرمیی پۆلیسی ئاکرێ وەربگرن و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و تێکنەچوونی باری ئەمنی، پەلە نەکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی پشتڕاستنەکراوە دەربارەی شوێن، کات، ژمارە و داتای پەیوەست بە تاوانەکە و تۆمەتباران.
هاوکات، پۆلیس دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە مەفرەزەکانی پۆلیسی ئاکرێ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی تر لە ئامادەباشیی تەواودان و بەدواداچوونی چڕیان دەست پێکردووە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی، کە لە ئێستادا فەرمانی دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ دەرچووە و بە زووترین کات دەستبەسەر دەکرێت.
لە کۆتاییدا، پۆلیسی ئاکرێ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی ئارامیی شارەکە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن، هەر کەسێکیش زانیاریی هەیە دەتوانێت لە ڕێگەی هێڵی گەرمی بێبەرامبەری ژووری کۆنترۆڵ بە ژمارە (104) پەیوەندییان پێوە بکات.







