پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە ئەمڕۆ سێشەممە هەڵسابوو بە كوشتنی هاووڵاتییەك لەنێو شارەدێی پیرزین.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 7/7/2026 هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە سنووری بنکەی پۆلیسی پیرزین.
راشیگەیاند: رووداوەكە بەمشێوەیە بووە، هاووڵاتییەک بە ناوی (حوسین فەهمی فوئاد) لە رووداوە تەقەكردنەكەدا بریندار بوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژهەڵات، بەداخەوە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی هەولێر هەروەها رایگەیاند: دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد و لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا توانیان تۆمەتباری سەرەکی ڕووداوەکە بە ناوی (م. ص. م) دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە ياساييەکان.







