پەرزیدەنت بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە باڵیوزی فیلیپین لە عێراق و نوێنەری ڕێکخراوی «ئاسەآن» کرد و لەو دیدارەدا بابەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەڕەشەکانی تیرۆریزم بۆ سەلامەتیی جیهانی و ناوچەیی گفتوگۆ و تاوتوێ کران.
ڕۆژی شەممە ۲۴ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶ لە پیرمام، پەرزیدەنت مەسعود بارزانی پێشوازی لە چارلی پاکانا مانانگان، باڵیوزی فیلیپین لە عێراق کرد.
لەو دیدارەدا، باڵیوزی فیلیپین لە عێراق کە وەک نوێنەری ڕێکخراوی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ASEAN) سەردانی پەرزیدەنت بارزانی کردبوو، لەگەڵ دەربڕینی دڵخۆشیی خۆی بە دیدارکردن لەگەڵ پەرزیدەنت بارزانی، سوپاسی خەبات و قوربانیدانییەکانی خەڵکی کوردستانی کرد. هەروەها پوختەیەک لە مێژووی ڕێکخراوی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، سیاسەتی ئەو ڕێکخراوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تواناییە ئابوورییەکانی بۆ پەرزیدەنت بارزانی ڕوونکردەوە. باڵیوزی فیلیپین ئارەزووی ئەو ڕێکخراوەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ناسینەوەی زیاتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پەرزیدەنت بارزانی دەربڕی.
لە هەمان دیدارەدا، پەرزیدەنت بارزانی بە گەرمی پێشوازی لە باڵیوزی فیلیپین کرد و بە سوپاسگوزارییەوە ئاماژەی بە هەوڵ و خەباتی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و هەروەها شکۆفایی و گەشەی ئابووری کرد.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا، هەردوو لایەن لەبارەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆریزم بۆ سەلامەتیی جیهانی و ناوچەیی ئاڵوگۆڕی بۆچوونیان کرد.







