پەرزیدەنت بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد و هەردوو لایەن دۆخی ناوچە، پرۆسەی چالاککردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی سێشەممە ۲۰ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶، لە پیرمام، پەرزیدەنت مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز «ئشتەفان ڤێنت» (Stefan Vent)، بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد.
لەو دیدارەدا، ئشتەفان ڤێنت دڵخۆشیی خۆی بە دیدارکردن لەگەڵ پەرزیدەنت بارزانی و دەستپێکردنی ئەرکی نوێی خۆی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی کراوەیی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستانی کرد. هەروەها ڕایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا بە گرنگییەکی زۆرەوە سەیری شوێن و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق و ناوچە دەکات و خۆی بە پشتگیر و هاوبەشی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا، دۆخی سیاسی، گۆڕانکارییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچە بوونە جێی سەرنج و دەربارەی ئەو بەربەستانەی بەردەم چالاککردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوون کرا.







