نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر لەگەڵ گوێندلین گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا، دیداری کرد. لەم دیدارەدا جەخت لەسەر یەکگرتوویی ناوخۆیی و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ۲۰۲۶/۱۰/۱۴، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر بە گوێندلین گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بەخێرهات.
لەو دیدارەدا، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە کرا.
لە هەمان چوارچێوەدا، هەردوو لایەن هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی ناوخۆیی و هەوڵدان و خێراکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی سەقامگیری، لەگەڵ دوا پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچە بە گشتی، بابەتێکی تری ئەم دیدارە بوو.







