ئەمڕۆ، چوارشەممە ۲۰۲۶/۱۰/۲۱، بۆ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی کاری «تۆڕی ڕاپەڕینەوەی ڕزگاربووان»ی ئێزیدی لە هەولێر ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو. ئەم ڕێوڕەسمە بە بەشداری کۆمەڵێک لە بەرپرسان و میوانان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برا.
لەو ڕێوڕەسمەدا، بەڕێز دلشاد شەهاب، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتی بەڕێزی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامی ئەوی خوێندەوە. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
ئامادەبووانی بەڕێز،
خوشک و برا ڕزگاربووەکان،
ڕۆژتان باش، هەمووتان بەخێربێن بۆ هەولێر.
مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ ئەم ڕێوڕەسمە جیاوازە بەڕێوە دەچێت؛ ڕێوڕەسمێک کە بە پێچەوانەی ڕابردوو، نە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یاد و بیرەوەرییەکی ئازاربەخش، بە زیندوویی بەگۆڕکردن، ژینۆساید و تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر هاووڵاتییە ئێزیدییەکانی ئێمەیە، بەڵکو بۆ ئەوەی شایەتی دەستپێشخەرییەک و دەستپێکردنێکی نوێ لەلایەن ڕزگاربووانەوە بین، کە بە ویست و پێداگریی خۆیان بەدوای دروستکردنی ژیانێکی نوێ و داهاتوویەکی باشترن.
ئێزیدییەکان بە خۆڕاگری و بوێریی خۆیان سەلماندیان کە تیرۆریزم بە هەموو تاوان و دڕندەییەکانییەوە نەیتوانی ویستی ئەوان بشکێنێت یان هیوا بە ژیان لە ناخیاندا لەناوببات. ئەوان نیشانیان دا کە پێداگرن جارێکی تر لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، مافەکانی خۆیان بگەڕێننەوە و داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دروست بکەن.
ڕاگەیاندنی «تۆڕی ڕاپەڕینەوەی ڕزگاربووان» لە ئەمڕۆدا، دەربڕینی ئەم ویستە و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو قۆناغێکی نوێ، کە لەودا خودی ڕزگاربووان دەستپێشخەری، دەنگ و ڕۆڵێکی کاریگەر لە بابەت و بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە ماف و داهاتووی خۆیاندا دەبێت.
پیرۆزبایی ئەم هەنگاوەیان لێ دەکەین و جارێکی تر پشتگیریی خۆمان لە هەوڵ و ئامانجەکانیان ڕادەگەیەنین. لەم دەستپێشخەرییەدا، دەرفەتێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و یەکگرتوویی لەنێوان ڕزگاربووانی هەموو ئەو پێکهاتانەدا دەبینین کە بوونەتە قوربانی تاوانەکانی داعش.
ئامادەبووانی بەڕێز،
ئەمە ئەرکی ئێمە بووە و هەمیشە لە بارودۆخی سەخت و دژواردا پشتگیریمان لە ئێزیدییەکان کردووە. لەم بۆنەیەشدا جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە کە لە کوردستان، عێراق و هەر شوێنێکی تردا کە بێت، بەردەوام پشتگیرییان و بەرگری لە مافە ڕەواکانیان و ناسنامەکەیان دەکەین. هەروەها تا ئەو کاتەی تەنانەت یەک کەسی ڕفێندراو ماوەبێت، نووسینگەکەمان بە هەوڵەکانی خۆی بۆ ئازادکردن، گەڕاندنەوە و ڕوونکردنەوەی چارەنووسی ئەوان بەردەوام دەبێت.
جێبەجێکردنی دادپەروەری، دڵنیابوون لە مافەکانی ڕزگاربووان، ئاشکراکردنی چارەنووسی ونبووان، جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی، دروستکردنی بارودۆخی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوهدانکردنەوەی شنگال (سەنجار) و ناوچەکانی دیکەی ئێزیدینشین، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمەیە و لەم ڕێگایەدا لە هیچ هەوڵێک درێغی ناکەین.
ئەمە مافی ڕزگاربووانە کە دادپەروەری بەرامبەریان جێبەجێ بکرێت؛ هەروەها مافی ئەوانە کە ژیانیان بۆ هەمیشە بە دیلی ژینۆساید نەبێت، بەڵکو دەبێت دەرفەت بۆیان دابین بکرێت تا ببنە هاوبەشێکی چالاک لە دروستکردنی داهاتوو و کۆمەڵگاکەی خۆیان.
باوەڕمان وایە گوێگرتن لە دەنگی ڕزگاربووان و بەشدارکردنیان لە بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە ژیان و مافەکانیان، بەشێکی سەرەکیی دادپەروەری و ڕێزگرتنە لە کەرامەتی مرۆیی ئەوان. بۆیە سەرکەوتنی ئەم تۆڕە، سەرکەوتنی هەر هەوڵێک دەبێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری، ئاوهدانکردنەوە، ئاشتی و هاوژیانیی ئاشتییانە.
خوشک و برا بەڕێزەکان،
پیرۆزبایی بوێری و خۆڕاگریی ڕزگاربووان و پێداگرییان بۆ پێشکەوتن دەکەم. پیرۆزبایی ئەم دەستپێشخەرییە بۆ ڕاگەیاندنی «تۆڕی ڕاپەڕینەوەی ڕزگاربووان» دەکەم و هیوادارم دەستپێکەری قۆناغێکی نوێی هیوا، کار و دەستکەوتەکان بێت.
هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی ڕێکخراوی «یەزدا» دەکەم. سوپاسی حکومەتی ئەڵمانیا، ئاژانسی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەڵمانیا (GIZ) و هەموو هاوبەش و پشتگیرانی ئەم دەستکەوتە دەکەم.
هەمیشە سەربەرز بن، زۆر سوپاسگوزارم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
۲۰۲۶/۱۰/۲۱







