سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ کەسایەتی و نوێنەرانی چین و توێژەکانی دەڤەری بادینان کۆبووەوە و جەختی لە خزمەتکردنی شایستەی ناوچەکە، پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی جوتیاران کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتیەکانی پێکهاتە و چین و توێژەکانی دەڤەری بادینان کۆبووەوە.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی پڕ لە سەروەری خەڵکی دەڤەرەکە کرد لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی سەرەکیی خۆی دەزانێت بە شێوەیەکی شایستە خزمەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات بێ جیاوازی .
سەرۆکی حکوومەت، باسی لە پێگەی گرنگی دەڤەرەکە کرد لە ڕووی ئابووری و گەشتوگوزار و کشتوکاڵەوە، لەمبارەوە جەختی کردەوە کە لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، گرنگیمان بە کەرتی کشتوکاڵ وبەرهەم و بەروبوومی ناوخۆیی داوە و کارمان بۆ یارمەتیدانی جوتیارانی کوردستان و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان کردووە.
پاشان سەرۆکی حکوومەت وەڵامی سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە.







