مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی دەڤەری بادینان کۆبووەوە، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەردەوام دەبین لە ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بەڵێندەران و وەبەرهێنەران کۆبووەوە.
سەرۆکی حکوومەت بە پێزانینەوە، باسی لە ڕۆڵی گرنگی کەرتی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کرد لە هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەشەپێدان هەمەلایەنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوشانی حکوومەت، ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پێشخستنی زیاتری بزاڤی بازرگانی و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کوردستان. دووپاتیشی کردەوە کە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردن و پێشکەشکردنی ئاسانكاری بۆ كەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی پەرە بە هەموو سێکتەرەکان بدرێت و خزمەتگوزارییەکی باشتر پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت.







