فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتەوە پێشوازیی لێدەکرێت، تاوەکو لەگەڵ تیمی دانوستانکاری هەرێم لەسەر دۆسییە هاوبەشەکان کۆببنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: شاندێکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بە ئەندامییەتیی باسم محەمەد، وەزیری نەوت و عەلی سەعد، وەزیری کارەبا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها شاندی یاوەریان پێکهاتوون لە سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، بریکاری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم شاندە باڵایەی حکوومەتی فیدراڵ، لە شاری زاخۆ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێدەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، دواتر شاندەکەی بەغدا لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە پێکهاتوون لە: محەمەد کەمال، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دارایی، بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی باشتر سەبارەت بە دۆسییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت.







