ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ( (ENKS) ڕەخنەی لە شێوازی بانگهێشتکردنی میوانان لەلایەن دامەزراوەی «مێری» لەبارەی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ڕۆژئاڤای کوردستان گرت؛ لە هەمان کاتدا، دەستخۆشیی خۆی بۆ بەدواداچوونی «بارەگای بارزانی» بۆ چاککردنەوەی ئەم کەموکوڕییە و ڕێزگرتن لە فرەیی سیاسی دەربڕی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ۱۴ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶، دەفتەری گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند: بانگهێشتنامەکان کە لەلایەن دامەزراوەی «مێری»یەوە بۆ میوانداریی کەسایەتی و ئەکادیمییەکان دەربارەی کێشەی کورد لە سووریا دەنێردرێن، دەبێت لەسەر بنەمای گشتگیری و هاوسەنگی بن و هەموو ڕەوتە سیاسییەکان بەبێ جیاوازی و پەراوێزخستن لەخۆ بگرن، کە لە سەرەوەی ئەوانە (ENKS) و حیزب و هێزە سیاسییەکانی دیکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: «پشتگوێخستنی ڕەوتێکی سیاسیی سەرەکی کە بوونی و ڕۆڵی لە نوێنەرایەتیکردنی داواکارییەکانی گەلە کوردەکەماندا حاشاهەڵنەگرە، پەیامێکی نەرێنی بۆ بیروڕای گشتیی کورد دەنێرێت و یارمەتیی هاوپشتی و گفتوگۆی بەرپرسانە نادات. تەنانەت ئەگەر ئامانجی ئەم کۆبوونەوانە ئەکادیمی و زانستی بێت، شایستەتر بوو بانگهێشتنامەکان هاوسەنگ بن و دەرفەت بۆ هەموو دید و بۆچوونە جیاوازەکان دابین بکەن.»
(ENKS) دەستخۆشیی خۆی بۆ هەڵوێستی «بارەگای بارزانی» دەربڕی و ڕایگەیاند: «دەستخۆشیی خۆمان بۆ سەرنجدان و بەدواداچوونی بارەگای بارزانی سەبارەت بەو بابەتە و حەز و ئارەزووی ئەوان بۆ چاککردنەوەی ئەم هەڵەیە دەربڕین، لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە کێشەی کورد زۆر گەورەترە لەوەی لە ڕەوتێکی تایبەتدا کورت بکرێتەوە.»
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریادا هاتووە کە خزمەتکردن بە گەلی کورد پێویستی بە ڕێزگرتن لە فرەیی سیاسی و دڵنیابوون لە بەشداریی هەمووانە، بەبێ پەراوێزخستن و لابردنی هیچ کام لە ڕەوتەکان.







