وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمشەو کێشەی کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر چارەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە بەرواری 19ی مانگی 10، بەهۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری سازدانەوە و شارستانی، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانییان بەرکەوت و بووە هۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پاڕک لە هەولێر.
وەزارەتی کارەبا ڕاشیگەیاند: بەم هۆی ئەو کێشەیەوە، نزیکەی 72 هەزار هاووڵاتی دووچاری پچڕانی کارەبا بوونەتەوە لە گەڕەکەکانی (نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەددین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد).
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشدا: تیمەکانی چاککردنەوەی وەزارەتی کارەبا و پڕۆژەی ڕووناکی کار دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو دەست بەگەڕانەوەی کارەبای ئەم ناوچانە بکرێت. لەم بارەیەوە، وەزارەتی کارەبا هاوکات سوپاسی ئارامگری و تێگەیشتنی هاووڵاتییانیش دەکات.







