وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندی سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەو بانگەشانەی بە "ناڕاست و بێبنەما" ناو برد و جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان خۆی لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بەدوور دەگرێت و هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێم وەک پێگەیەک بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک بە توندی ڕەت دەکەینەوە."
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارەکانیاندایە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت.







