دەستەیەکی بەرزی ئاست لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی د. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەدینی کرد.
لەو سەردانەدا کە بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکان ئەنجامدرا، شاندی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، و کادری زانکۆ پێشوازیی لێکرا.
تەوەرەی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە بەکارهێنانی تواناکان و ئەزموونە ئەکادیمییەکانی زانکۆ بوو بۆ پێشخستنی ستراتیژی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان. لە هەمان کاتدا بڕیار درا بەرنامەی پەروەردەیی کۆلێژەکانی پۆلیسی هەولێر و سلێمانی بە شێوەیەکی مۆدێرن و لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دووبارە دیزاین بکرێتەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی کەلتووری متمانە لەنێوان پۆلیس و هاووڵاتیان.
شایانی باسە کە پرۆسەی چاکسازیی پۆلیسی نیشتمانیی کوردستان (۲۰۲۶–۲۰۳۰) لەژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەدەبرێت و لەلایەن دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانی دەکرێت.







