وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی داشکاندنێکی گەورەی تا ڕێژەی ۷۵٪ لە سزا و غەرامەکانی پەیوەندیدار بە بەسەرچوونی ڤیزا و مۆڵەتی مانەوەی هاووڵاتیانی بیانی دەرکرد.
وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند: بە فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، بڕیار درا داشکاندنێکی بە ڕێژەی ۷۵٪ لە غەرامەکانی دواخستنی نوێکردنەوەی ڤیزا و مۆڵەتی مانەوەی هاووڵاتیانی بیانی جێبەجێ بکرێت.
ئەم وەزارەتە هەروەها ڕایگەیاند: بە پێی فەرمانی ژمارە (۳۲۵۵۷) کە لە بەرواری ۱۵ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶ دەرکراوە، هاووڵاتیانی بیانی کە بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی ڤیزاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزاکەیان نوێ بکەنەوە، یان نەیانتوانیوە بیگۆڕن بۆ مۆڵەتی مانەوە، یان مۆڵەتی مانەوەیان هەبووە و بەسەرچووە، تا بەرواری ۳۱ی دێسەمبەری ۲۰۲۶، لە کاتی سەردانی یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی مۆڵەتی مانەوە، تەنها ۲۵٪ لە کۆی گشتی غەرامەکانی دواخستن کە لە ڕێنمایی ژمارە (۱ی ساڵی ۲۰۲۱)دا هاتووە، لێیان وەردەگیرێت.







