سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆی زاخۆ، پرۆژەی بازرگانی «گولدن گلوبال دیڤلۆپمێنت» (گەشەپێدانی جیهانیی زێڕین)ی کردەوە و دەستپێکردنی سێ پرۆژەی گرنگ لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا ڕاگەیاند؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە ڕێژەی بێکاری لە بەشی «باتیل» لە ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستاندا گەیشتووەتە سفر.
ئەمڕۆ یەکشەممە ۲۵ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی بازرگانی «گولدن گلوبال دیڤلۆپمێنت»ی لە بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە.
لە سەرەتای ئەم بۆنەیەدا، سەرۆکوەزیران سەردانی بەشە جیاوازەکانی پرۆژەکەی کرد و ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەلایەن کۆمپانیای بەڕێوەبەری پرۆژەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە کرابوون، لە نزیکەوە بینی.
سەرۆکوەزیران لە وتارێکدا جەختی لەسەر جۆراوجۆرکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و گرنگیدانێکی زیاتر بە بواری پیشەسازی کردەوە.
دەقی تەواوی وتارەکە بەم شێوەیەیە:
«بە ناوی خوای گەورە و بەخشندە
ئامادەبووانی بەڕێز،
خوشک و برا بەڕێزەکان،
هەمووتان زۆر بەخێربێن. بەخێرهاتنێکی تایبەت دەڵێم بە سەرکونسوڵی ژاپۆن، بەڕێوەبەری کونسوڵخانەی چین و نوێنەری کۆمپانیای JETOUR کە لێرە ئامادەن؛ زۆر بەخێربێن. زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ و بە تایبەتی بەشی (ناوچەی) «باتیل» دەکەم؛ شوێنێک کە بە خۆشحاڵییەوە بۆ کردنەوە و دەستپێکردنی سێ پڕۆژەی گرنگ لە بوارى پیشەسازی، بە تایبەتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل، کۆبووینەتەوە.
سوپاس و پێزانینم بۆ «گروپی مەهن» و بە تایبەتی بەڕێز ئەحمەد مەشیر و هەروەها بەڕێز ئەحمەد ڕەیکانی، بۆ بەشدارییان لە وەبەرهێنانی ئەم پڕۆژانە لەگەڵ کۆمپانیا چینی و ژاپۆنییەکان؛ پڕۆژەیەک کە بێگومان یارمەتییەکی زۆر گەورە بە گەشەپێدانی بوارى پیشەسازی لە ئاستی هەرێمی کوردستان دەدات.
لەگەڵ گەشە و پێشکەوتنی بەرچاوی ئەم بوارەدا، دەرفەتی کارى زۆریش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە و بە گشتی کوردستان دابین دەکرێت. گەشەپێدانی بوارى پیشەسازی، لەگەڵ جۆراوجۆرکردنی داهات و ئابووری هەرێمی کوردستان، یەکێک بووە لە بەرنامە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمە ویستووە گرنگییەکی زیاتر بە بوارى پیشەسازی بدرێت. هەروەها سوپاسی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ دەکەم بۆ ئەو ئاسانکارییانەی کە بۆ پێشکەوتنی بوارى پیشەسازی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ دابینی کردووە. سوپاسی هەمووتان دەکەم.
وەک بینیومانە، هەنگاوی زۆر باش ئامادە کراوە؛ بە تایبەتی کۆمپانیای Nissan لێرە دەبێتە دابەشکەری هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە دەهێنرێنە ناو عێراق و لێرەوە بۆ بەشەکانی تری عێراق دەگوازرێنەوە. ئەمە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ئەم ناوچەیە دروست دەکات و خەڵکەکەمان شارەزایی زیاتر لە بوارى تایبەتدا فێر دەبن. ماوەیەک لەمەوبەر پڕۆژەیەکی هاوشێوەی کۆمپانیای (Toyota)مان لە دهۆک کردەوە و پێش ئەوەش پڕۆژەیەکی هاوشێوە لە هەولێر کرابووەوە. بە خواستی خودا، ئەمە دەستپێکێکی زۆر باش بێت بۆ پێشخستنی بوارى پیشەسازی لە ئاستی هەرێمی کوردستان و لە هەموو شار و پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
کوردستان لە بارودۆخێکی زۆر ستراتیژیکدا هەڵکەوتووە کە بازاڕە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەمە دەرفەت دروست دەکات بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکەدا بگێڕین و کوردستان ببێتە ناوەندێک کە کۆمپانیا زۆرتریش چاویان لێ بێت بۆ وەبەرهێنان لەوێ، بۆ گەشەپێدانی ئابووری ناوچەکە و هەروەها بەدەستهێنانی قازانجی زیاتر. لە وەبەرهێنەرانی کوردستانیش دەخوازم زیاتر بیر لەوە بکەنەوە کە چۆن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و لە کاتی پێویستدا لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بە هاوبەشی (Join Venture) کار بکەن؛ هەم بۆ ئەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان پێش بکەوێت و هەم شێوازە زانستییەکان لە بوارى پیشەسازی بەرز بکەنەوە.
ئێمە توانایی و ظرفیتە زۆر باشەکانمان لە گەنجەکانماندا بینیوە کە هێزێکی زەبەلاحن بۆ پێشخستنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها بەدەستهێنانی زانست و گواستنەوەی لە دەرەوە، یارمەتییەکی زۆر دەدات بە باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و کارکردن لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە بە دەستم گەیشتووە، لەم ماوەیەدا هەزاران دەرفەتی کار بۆ خەڵکەکەمان دروست بووە. ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەوە بووە کە دەرفەتی کاری جۆراوجۆر، بە تایبەتی لە ڕێگەی جۆراوجۆرکردنی ئابوورییەوە، دروست بکات. پێشتر گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە و ئێستاش هەمان بەرنامەمان بۆ کەرتی پیشەسازی هەیە. کەرتی گەشتوگوزارەش یەکێکە لەو کەرتانەی کە گرنگییەکی زۆرمان پێداوە و هەموو ئەمانە دەست بە دەست یەک دەدەن بۆ ئەوەی هەم دەرفەتەکانی کار ڕێک بخەن و زیاد بکەن و هەم ئابووریی هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەن.
بە خۆشحاڵییەوە بیستم کە بەشی «باتیل» تەنها ناوچەیە لە ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستاندا کە ڕێژەی بێکاری تێیدا گەیشتووەتە سفر. ئەمە جێی دڵخۆشی و پێزانینە؛ ئەم سەرکەوتنە بە بەشی باتیل، بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ و هەموو کوردستان پیرۆز دەکەم. مەگەر ئەوەی کەسێک خۆی حەزی بە کارکردن نەبێت، ئەگینا وەک بیستوومە، هێشتا دەرفەتی کاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی کەسانی دیکە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانەوە بێن بۆ ئەم ناوچەیە و بەدوای کاردا بگەڕێن. ئەمە جێی پێزانینە و هیواخوازیم ئەوەیە لە هەموو شارەکانی کوردستان و هەموو ناوچەکاندا، هەنگاوی باش بۆ پەرەپێدانی ئابووری و کەرتی تایبەت لە سنووری خۆیاندا بنرێت، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت. حکومەتیش پابەندە بە هەر توانایی و ظرفیتێک کە هەیەتی، پشتیوانی لە کەرتی تایبەت بکات و ئاسانکارییە پێویستەکان دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانین ئابووریی هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدەین.
زۆر دڵخۆش بووم بە بینینی ئەو پڕۆژانەی دیکەی کە هەندێکیان ئەمڕۆ بناغەیان دادەنرێت؛ بێگومان ئەوانیش دەرفەتی کاری زیاتر دروست دەکەن. کۆمپانیای «Jetour»یش کە کۆمپانیایەکی چینییە، بۆ کۆکردنەوە و دروستکردنی ئۆتۆمبێل لێرە، یەکەمین نموونە لە ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت و گۆڕانکارییەکی گەورە لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە کوردستان دروست دەکات و دەرفەتی کاری زیاتر لەم ناوچەیەدا دابین دەکات. جگە لەوەش، زانیاری و شارەزایییەکی زۆر لەم بوارەدا بە خەڵک و بە تایبەتی گەنجەکانمان لە بواری تەکنەلۆژیا و کەرتی پیشەسازی پێشکەش دەکات، کە بێگومان ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر دەبینێت.
هەروەها (Motor Plex) کە ئەویش کۆمەڵگەیەکە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، فێرکردن و یارمەتیدانی گەنجەکانمان، بۆ ئەوەی بنەماکانی شۆفێری، یاساکان و تایبەتمەندییە پسپۆڕییەکانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل فێر ببن.
هەموو ئەمانە هەنگاوەکانی داهاتوون کە لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا دەبن. سوپاسی هەموو کۆمپانیاکان، «Mehned Group» و «Harlem Group» ـی چین دەکەم؛ دووبارە بەخێرهاتنیان دەکەم و سوپاسی ئەو بەرنامانەیان دەکەم کە ئەمڕۆ پێشکەشیان کرد. هیواخوازم هەمووتان سەرکەوتوو بن؛ ئینشاءالله هەمووتان سەرکەوتوو بن، شاهدی پێشکەوتنی زیاتر بین و کوردستانەکەمان هەمیشە ئاوەدان بێت.







