بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی تەرمی ئافرەتێک لە گوندی "شێخ توراب".
پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی پۆلیسی هەریر دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان دەستپێکردووە. لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (ح. س. ا)، (م. ح. س)، (م. ح. س) و (ا. ر. ک) دەستگیربکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. پۆلیسی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی زیاتری ڕووداوەکە بەردەوامە و "یاسا سەروەر دەبێت".






