چیرۆکی زۆم لە دامەزراندنی کارگەیەکی شیرەمەنی لە ناوچەی مێرگەسۆرەوە دەستپێدەکات، بەڵام ئامانجەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی شیر و بەرهەمەکانی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری و داهاتی جوتیارانی ناوخۆشەوە هەیە. بەردی بناغەی پرۆژەکە لە ساڵی 2020 دانرا و لە 30ی ئایاری 2023دا بە فەرمی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. کارگەکە لە گوندی ژاژووک، سەر بە قەزای میرگەسۆر لە ناوچەی بارزان دامەزراوە.
زۆم بە تەنیا کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی نیشتیمانیی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکی قۆناغێکی نوێی شێوازی ئاژەڵداری و کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان. پرۆژەی زۆم کە لە ڕێگەی پەرەپێدانی توانای جوتیارانی ناوخۆ، باشترکردنی توخمی ئاژەڵەکان، دابینکردنی خزمەتگوزاری ڤێتێرنەری، پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی خۆراکی ئاژەڵ و دروستکردنی بازاڕێکی جێگیر بۆ شیر و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، داهاتی خێزانە جوتیارەکانی زیادکردووە و بناغەی ئابوورییەکی بەهێزتری لە ناوچە گوندنشینەکان بەرجەستە کردووە.
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی کاری پرۆژەی زۆم، کۆکردنەوەی شیری مانگای جوتیاران و گوندنشینانە و گۆڕینیەتی بۆ بەرهەمی شیرەمەنی.
لە پڕۆژەی زۆم، 28 بنکەی وەرگرتنی شیر لە ناوچە جیاوازەکاندا کار دەکەن، بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن شیرەکەیان بە ئاسانی بگەیەننە بنکەکان و خەرجی و ئەرکی گواستنەوەیان کەمتر بێت. پرۆژەی زۆم لە ڕێگەی کڕینی شیر لە ئاژەڵداران داهاتێکی بەردەوامیان بۆ دابین دەکات.
بەرهەمەکانی زۆم بریتین لە ماست، شیر، پەنیر، ماستاو و قەیماخ بە چەندین قەبارە و تامی جیاواز. بەم شێوەیە، پەیوەندییەک لەنێوان بەخێوکردنی ئاژەڵ، کۆکردنەوەی شیر و بەرهەمهێنان لە پڕۆژەکەدا دروست بووە.
بە پێی داتاکان زیاتر لە 400 کارمەند لە پڕۆژەی زۆم ئیش دەکەن و زیاتر لە 3,300 جوتیار بە شێوەی ڕاستەوخۆ سوودیان لە چالاکییەکانی وەرگرتووە. هەروەها بڕی شیر کە رۆژانە لە بنکەکان کۆی دەکاتەوە لە بەهاری ساڵی 2026 گەیشتووەتە نزیکەی 40 تۆن.







