ڕۆژی پێنجشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، گرووپی جیهانیی «تۆپ کۆم» (Top Com) خەڵاتی نێودەوڵەتیی (Grand Prix Consumer 2026)ی بەخشییە پڕۆژەی زۆم. ئەمە یەکەمین جارە لە مێژووی ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییەدا، کۆمپانیا یان پڕۆژەیەکی کوردستانی بگاتە ئەم قۆناغە و وەک براندێکی باوەڕپێکراو لەسەر ئاستی جیهان بناسێنرێت.
خەڵاتەکە ساڵانە دەدرێتە ئەو دامەزراوە کاریگەرانەی کە سەرکەوتووترین کەمپەینی بەبازاڕکردن و پتەوترین پەیوەندییان لەگەڵ بەکاربەراندا دروستکردووە. لیژنەی دادوەریی خەڵاتەکە کە لە 30 پسپۆڕی نێودەوڵەتی پێکهاتبوون، دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ شێوازی کارکردن و کوالێتیی پڕۆژەکە، بڕیاری کۆتاییان لە بەرژەوەندیی پڕۆژە کوردستانییەکە دا.
ئەوەی سەرنجی لیژنە نێودەوڵەتییەکەی ڕاکێشاوە، تەنها کوالێتیی بەرهەمە سروشتییەکانی نییە، بەڵکو کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی زۆمە لەسەر ژێرخانی گوندنشینان.
ژمارەکان چیرۆکەکە دەگێڕنەوە:
پڕۆژەکە ڕاستەوخۆ بژێوی بۆ زیاتر لە 3,300 خێزانی ئاژەڵدار دابین کردووە لە ڕێگەی وەرگرتنەوەی بەرهەمەکانیان بە شێوەی ڕۆژانە.
زیاتر لە 400 کارمەند لە پرۆسەی وەرگرتن، بەرهەمهێنان و دابەشکردندا کار دەکەن.
ئامانجی ستراتیژیی داهاتووی کۆمپانیاکە پڕکردنەوەی تەواوی خواستی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە.







