ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێرانی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردەوە کە دوو مووشەک لە دوورگەی قشم لە باشووری وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان بڵاو نەکراوەتەوە و ئاژانسەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەستبەجێ دوای پشتڕاستکردنەوەیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکرێت.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوی کردەوە کە لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگەی قشم و شاری بەندەر خەمیر لە پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران بیستراوە، بێ ئەوەی هۆکار و سروشتی سەرەکیی تەقینەوەکان بە تەواوی ڕوون ببێتەوە.
هەروەها بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند: "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە جۆری (MQ-9)ـی سەر بە سوپای ئەمەریکا، لە ڕێگەی سیستەمە مۆدێرنەکانی بەرگریی ئاسمانیی سوپا لە چوارچێوەی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتدا، لە ئاسمانی دوورگەی قشم پێکرا و خرایە خوارەوە".
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس" ئاشکرای کرد کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانی کەم شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی چاودێریی ئەمەریکییان لە کاتی فڕینیان بەسەر ئاسمانی گەرووی هورمزدا خستووەتە خوارەوە.







