ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە: ئەمەریکا هۆشدارییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییانی خۆی لە پێنج دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ کردووەتەوە، کە بریتین لە: (ئیسرائیل، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، قەتەر، و بەحرێن).
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لە دوای بەدەستگەیشتنی یاداشتێکی هەواڵگری دێت کە تێیدا هۆشداری دراوە لە بوونی پیلانێکی "پێشکەوتوو"ـی ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسان و دیپلۆماتکارانی ئەمەریکی لە دەرەوەی وڵات، لە هۆشدارییەکانیشدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەمەریکی لەو وڵاتانە کراوە ئامادەکاریی تەواو بکەن بۆ ئەگەری تێکچوونی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخرانی کتوپڕی ئاسمانی ناوچەکە و بەرزبوونەوەی زیاتری گرژییە سەربازییەکان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هاووڵاتییانی لەو پێنج دەوڵەتە کردووە بە تەواوی خۆیان لە گردبوونەوە گشتییەکان بەدوور بگرن و بەرزترین ئاستی وریایی پەیڕەو بکەن، بەهۆی ئەگەری تەشەنەسەندنی خێرای ململانێ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.







