ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، باسم محەمەد خزر، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: عێراق ڕۆژانە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە جیاوازی لە نێوان توانای بەرهەمهێنان و توانای هەناردەکردندا هەیە بۆ عێراق.
وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە: "ڕێکخراوی ئۆپێک پشکی بەرهەمهێنانی عێراقی لە سنووری چوار ملیۆن و 330 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دیاری کردووە، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی ڕاستەقینەی عێراق لە سەرووی پێنج ملیۆن بەرمیلە، بەڵام وەزارەتی نەوت بە تەواوی پابەندە بەو سنوورەی هەناردەکردن کە لەلایەن ئۆپێکەوە دەستنیشان کراوە".
باسم محەمەد خزر ئاشکرای کرد، لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپێک بەردەوامە بۆ بەرزکردنەوەی پشکی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی عێراق و سروشتی ئەو بارودۆخە سەختەی کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا پێیدا تێپەڕیوە، جەختیشی کردەوە کە عێراق شایستەی ئەوەیە ئاستی هەناردەی بەرز بکرێتەوە تاوەکو داهاتی دارایی پێویست بۆ پەرەپێدانی ژێرخان و جێبەجێکردنی پلانەکانی حکوومەت دابین بکات.







