ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای "دانە گاز" لە شاری شاریقەی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەپێی ماددەی (33) لە ڕێساکانی شەفافییەت بۆ بازاڕی دارایی ئەبوزەبی بڵاوی کردەوە: شەوی ڕابردوو دامەزراوەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کەوتە بەر هێرشێک کە گومان دەکرێت لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) ئەنجام درابێت، کە بووە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و دواتر کوژێنراوەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی برینداربوون لە نێو کارمەندانی کێڵگەکەدا تۆمار نەکراوە، هاوکات پڕۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە تاوەکو بە تەواوەتی قەبارەی زیانەکان هەڵدەسەنگێندرێن.
کۆمپانیای دانە گاز ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامە لە هەماهەنگیی پتەو و نزیک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراق، کە پشتیوانییەکی بەهێزی خۆیان دەربڕیوە، هەروەها جەختی کردەوە کە لە کاتی پێویستدا بازاڕ لە هەر پێشهاتێکی نوێی کارپێکردن ئاگادار دەکەنەوە.







