ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنییەوە بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند: بە سەرپەرشتی و بەدواداچوونی وردی مەیدانی و هەماهەنگییەکی باڵای هەواڵگری، هێزە چەکدارەکانمان بەردەوامن لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر و خاپوورکردنی مۆڵگەکانیان لە هەر شوێنێک بن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی زانیاریی دروستی هەواڵگری لە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی و بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری پشکنین و چاودێریی ئاسمانی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتی، لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بەتایبەت لە ناوچەی "وادی زغەیتوون" چاودێری جموجۆڵی سێ چەکداری تیرۆریست کراوە، لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانەش کاتژمێر 12:21ـی نیوەڕۆ، فڕۆکەکانی (F-16) گورزێکی ئاسمانیی کەمەرشکێنیان بە وردی و ڕاستەوخۆ ئاراستەی ئامانجە دەستنیشانکراوەکان کرد.
نووسینگەی فەرماندەی گشتی ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە هەمان ناوچەدا، تونێلێکی تیرۆریستان دەستنیشان کرا و کاتژمێر 1:30ـی دوانیوەڕۆ کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور کرا، لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە هێزە چەکدارەکان بە سەرجەم جۆرە و پێکهاتەکانیانەوە، وەک قەڵغانێکی پتەو و چاوێکی کراوە دەمێننەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتییان.







