ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە هۆڵی "ئانادۆڵو" لە ناوچەی شینی گۆڕەپانی COP31 لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا، بە میوانداریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لووتکەی سەرکردەکان لە چوارچێوەی 31ـەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا (COP31) دەستیپێکرد کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەم لووتکەیەش لە چوارچێوەی کۆنفرانسە گشتییەکەدایە کە لە نێوان 9 - 20ـی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت و نوێنەرانی 196 وڵاتی ئەندام و یەکێتیی ئەوروپا کۆدەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی سەرکۆماری تورکیا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنتاڵیایە و بەشداری لە لووتکەی سەرکردەکاندا دەکات، بە مەبەستی خستنەڕووی هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت 102 سەرکردە لە 95 وڵاتی شەش کیشوەری جیهانەوە لە لووتکەکەدا بەشدار بن.
تورکیا میوانداریی کۆنفرانسەکە دەکات و موراد کوروم، وەزیری ژینگە و شارسازیی تورکیا سەرۆکایەتیی دەکات، هاوکات کریس بۆین، وەزیری وزە و گۆڕانی کەشوهەوای ئوسترالیا سەرپەرشتیی دانوستانەکان دەکات، لە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆمار دیدگەی وڵاتەکەی بۆ پرسی ئاووهەوا دەخاتە ڕوو، هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئابی ئەحمەد عەلی سەرۆکوەزیرانی ئەسیۆپیا و ئەنتۆنی ئەلبانیز سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و لویس ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەڕازیل وتار پێشکەش دەکەن، هاوشانی وتاری سەرکردەی زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان بە مەبەستی تیشکخستنەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنە ژینگەیییەکان و کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکان.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەرکردەکان بریتییە لە خێراکردنی پرۆسەی گواستنەوە بەرەو وزەی پاک و کارەبا، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی کەشوهەوا، هاوکات لە بەرنامەی ڕێوڕەسمەکەدا، گرووپی "ئاگری ئانادۆڵو" بە پەیامی "فراوانی لە ناو یەکڕیزیدا" تابلۆیەکی هەڵپەڕکێی میللیی حەوت هەرێمەکەی تورکیا پێشکەش دەکات، هەروەها گۆرانیی فەرمیی کۆنفرانسەکە بە ناوی (Let's Cop) دەوترێتەوە کە گوزارشت لە تەوەری "پاشماوەی سفر" دەکات.
لە نێو ئەو وڵات و لایەنانەی لەسەر ئاستی سەرکردە بەشدارن، بریتین لە: هەرێمی کوردستانی عێراق، عێراق، نەمسا، بەریتانیا، کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، بولگاریا، فینلەندا، ئیدارەی ڕۆمی قوبرسی باشوور، هۆڵەندا، ئیسپانیا، سوید، ئیتاڵیا، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوور، لیختنشتاین، ماڵتا، مۆڵدۆڤا، نەرویج، ڕووسیا، سلۆڤینیا، ئۆکراینا، بۆتسوانا، بوروندی، جەزائیر، ئێسواتینی، ئەسیۆپیا، کەناری عاج، گابۆن، گینێ بیساو، دوورگەکانی قەمەر، کۆنگۆ، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، لیسۆتۆ، لیبیا، ماداگاسکار، مالی، مۆریتانیا، مۆزەمبیق، ڕواندا، سیشێل، سۆماڵ، سوودان، تانزانیا، تۆگۆ، زیمبابوی، ئازەربایجان، بەنگلادیش، ئیمارات، چین، ئیندۆنێزیا، ئەرمەنستان، فەلەستین، کۆریای باشوور، جۆرجیا، ئێران، قەتەر، کازاخستان، قرغیزستان، کوەیت، لوبنان، ماڵدیڤ، مالیزیا، ئۆزبەکستان، پاکستان، سووریا، سعوودیە، تاجیکستان، تورکمانستان، بۆلیڤیا، بەڕازیل، گویانا، ڤەنزوێلا، ئانتیگوا و باربودا، بەهاما، باربادۆس، سەینت کیتس و نێڤیس، سەینت لوسیا، ئوسترالیا، کیریباتی، دوورگەکانی مارشاڵ، مایکرۆنیزیا، نیووە، پالاو، دوورگەکانی سۆلۆمۆن، تۆنگا و توڤالو.







