ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە (1000) مێگاواتەوە بۆ (1500) مێگاوات بەرز کراوەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕە کارەبایە بە هاوبەشانی ماڵان دەدرێت و بەهۆیەوە کاتەکانی پێدانی کارەبا لە چوار کاتژمێرەوە بۆ شەش کاتژمێر بەرز کراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی کێڵگەی کۆرمۆریش، ئومێد ئەحمەد ڕوونیکردەوە کە بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، گواستنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەکەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی ڕاگیراوە، جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا لیژنەکان هەڵسەنگاندن بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان دەکەن، تاوەکو دواتر بڕیار لەسەر کات و چۆنیەتیی دەستبەکاربوونەوەی کێڵگەکە و پڕۆسەی هەناردەی گاز بدرێت.







