ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی پەیوەست بە بانگەوازی سەرۆک بارزانی، دوا ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی تاوتوێ کرد.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران، هەروەها داواش لە هاوکارانمان، لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەن و هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیارێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کرد.
سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوە دا کە لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە كردووە.
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لەسەر بنەمای ئەو لەیەکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی 2027 بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان. هەروەها باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەمبوونەوەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی ڕەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.
پاشان وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهنێراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و مەبەستی زيانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێنرێت.







