بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی دەستەی دەستپاکی، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی میسان بەدواداچوونی وردیان بۆ کارەکانی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کردووە کە لەگەڵ "سەنتەری پاشماوە بایۆلۆجی و جەنگییەکان"ی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گرێبەستی هەبووە، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی شۆردنی بەرمیل و دەفرە پیسبووەکانی کەرتی نەوت و ماددە کیمیاییەکان لە قەزای قەڵعەت ساڵح.
دەستپاکی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژەیە وەک پڕۆژەیەکی "تیشکدەری پلە A" (زۆر مەترسیدار) پۆلێن کراوە؛ سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی وەزارەتی ژینگەی هەبووە بۆ دانانی سیستەمی چارەسەری پاشماوە ترش و تفتەکان و سووتێنەری پاشماوە مەترسیدارەکان، بەڵام کۆمپانیاکە هیچ ڕەزامەندییەکی یاسایی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکە وەرنەگرتبوو، لەوانە: (قایمقامیەتی قەزای کەحلا، بەرگریی شارستانی، وێستگەی کارەبای غازیی کەحلا، لێژنەی وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی پارێزگا و دەستەی وەبەرهێنانی میسان).
هەروەها دەرکەوتووە ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر دروستکراوە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای کەحلایە، بەڵام لەبەر نەبوونی فەرمانگەی تاپۆ لەو قەزایەدا، سەنەدی زەوییەکە بە ناوی قەزای قەڵعەت ساڵح دەرکراوە. دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بڕیاری ڕاگرتنی بۆ سەرجەم 10 تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان تەواو دەبن.
لە کۆتاییدا دەستپاکی جەختی کردەوە، بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و سنووردارکردنی مەترسیی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆئەندامی هەناسەی دانیشتووانی ناوچەکەیە لە پاشماوە تیشکدەرەکان.







