ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، شۆن دافی، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئاسمانی ئەمریکا لە کاتژمێر 8:15ـی شەو بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (1:15ـی بەرەبەیان بە کاتی گرینچ) کراوەتەوە، بەڵام هۆشداری دا کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی پێویستیان بە کاتە تاوەکو کارەکانیان ئاسایی ببنەوە.
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار 24"، بەهۆی ئەم پەککەوتنەوە زیاتر لە 6 هەزار و 600 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە و 8 هەزار و 600 گەشتی دیکەش دواکەوتوون، هاوکات پێشوەختە هەزار و 500 گەشتی دیکەش بۆ ڕۆژی یەکشەممە هەڵوەشێنراونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی گیرخواردنی دەیان هەزار گەشتیار لە فڕۆکەخانەکاندا و دابەزینی پشکی کۆمپانیا گەورەکانی فڕۆکەوانیی ئەمەریکا لە بازاڕە داراییەکاندا.
سەبارەت بە هۆکاری کێشەکە، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا ڕوونیکردەوە کە کاتژمێر 3:36ـی پاشنیوەڕۆ سویچ و ئامێرەکانی ئاراستەکردن (ڕاوتەرەکان) ڕووبەڕووی فشارێکی زۆری داتا بوونەتەوە و زانیاریی ناڕێکیان داوە، بۆیە بۆ پاراستنی سەلامەتی سیستەمەکەیان ڕاگرتووە و توانیویانە هەزاران فڕۆکە بە سەلامەتی بنیشێننەوە. شۆن دافی رەخنەی لە کۆنگرێس گرت بەهۆی دابیننەکردنی بودجە بۆ نوێکردنەوەی سیستەمە کۆنەکەی چاودێریی ئاسمانی و داوای تەرخانکردنی 50 ملیار دۆلاری کرد بۆ چاکسازیی بنەڕەتی لەو کەرتەدا.
لەلایەکی دیکەوە، مارکواین مۆڵین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کێشەکە بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنی یان ژیریی دەستکردەوە بووبێت و پێدەچێت هۆکارەکە میکانیکی بێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی بەردەوامن.







