باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانە کرد کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەوپەڕی وریاییدا بن؛ ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی زیادبوونی مەترسیی هێرشە چەکدارییە ئەگەرییەکانی حووسییەکان، هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی تاران بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی حکوومەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە پێشتر حووسییەکان هێرش و کردەوەی دوژمنکارانەیان دژ بە شانشینی عەرەبستانی سعوودیە ئەنجام داوە کە فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و دامەزراوە هەستیار و ژیانییەکانی کردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە قوربانی لەنێو هاووڵاتییانی مەدەنیدا کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرفراوانی جووڵەی گەشتەکان.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هۆشداری داوە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئەم کردەوانە و فراوانبوونی مەودای لێکەوتەکانیان بۆ ئەو ناوچانەش کە لە دەرەوەی سنووری جوگرافیی ڕاستەوخۆی هێرشەکانن؛ هاوکات داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات بە وردی چاودێریی ڕێنمایییە ئەمنییە فەرمییەکان بکەن و هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی خۆپارێزی بگرنە بەر.







