ئەمڕۆ شەممە، 14ی تشرینی دووەم، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی وەزارەتی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکاندا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە لە پاڵ بەدواداچوون بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی هەڵگرتنی سزاکان، ئەرکی لەسەر شانە کە توانستە ئابوورییەکانی وڵات کارا بکات تاوەکو سزاکان نەگەنە ئەو ئامانجەی کە سەپێنەرانی سزا چاوەڕێی دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: هەروەک چۆن لە کەرتی سەربازیدا پێویستە لایەنی بەرامبەر لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بێهیوا بکرێت، لە بواری ئابووریشدا دەبێت توانای خۆڕاگری بەرامبەر بە گوشارە دەرەکییەکان زیاد بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕاسپاردەی داوەتە سەرجەم باڵیۆز و دیپلۆماتکارانی وڵاتەکەی تا هیچ دەرفەتێکی ئابووری، بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کار پشتگوێ نەخەن، چونکە تەنانەت بچووکترین دەرفەتیش دەتوانێت کاریگەری هەبێت لە کەمکردنەوەی لێکەوتی گەمارۆ دەرەکییەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەراقچی ئاشکرای کرد کە گفتوگۆ کراوە بۆ ئەوەی ژمارەی زیارەتکارانی عێراقی بۆ مەشهەد لە 3 ملیۆن کەسەوە بۆ 5 ملیۆن کەس بەرز بکرێتەوە، باسی لەوەش کرد کە لە ڕێگەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانەوە، دەکرێت ژمارەیەکی زیاتریش لە زیارەتکاران ڕابکێشرێن.







