بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هوانگ دوای 33 ساڵ سەرکردایەتیکردنی ئێنڤیدیا، دانی نا بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ژنێک کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمەریکا گومانی ئەوەی لێ دەکەن زانیاریی بۆ هەواڵگریی چین گواستبێتەوە. بەدوای ئەوەشدا بەهۆی ئاشکرابوونی پەیوەندییەکی دیکەی لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیاکەی، ئەنجومەنی کارگێڕیی ئێنڤیدیا بە ناچاری دەستلەکارکێشانەوەکەی پەسەند کرد و کۆلێت کرێس، بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنەکەی دانرا.
ئەم پرسە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی چاودێریی توندی دەزگا هەواڵگری و دادوەرییەکانی ئەمەریکا لەسەر ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و دامەزرێنەرانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا و چیپی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی کە هاوسەر و خێزانەکانیان هەڵگری ڕەگەزنامەی چینین یان پەیوەندیی خێزانیی بەهێزیان لەگەڵ پەکین هەیە؛ واشنتن لەم کاتەدا بە چاوێکی ئەمنیی ورد و هەستیارەوە دەڕوانێتە ئەم کۆمپانیایانە لە ترسی دزەپێکردنی نهێنییە بازرگانی و تەکنەلۆژییە ستراتیژییەکانی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد بۆ دەسەڵاتدارانی چین.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند لە مانگەکانی کۆتاییدا هوانگ ناکۆکیی توندی لەگەڵ کۆلێت کرێس هەبووە سەبارەت بە خەرجکردنی سەرمایەی ئێنڤیدیا بۆ گەرەنتی و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی داتاسەنتەر و کۆمپانیاکانی هەور، و هۆشداری دابوو لەوەی ئەم پەیمان و پابەندبوونە داراییە گەورانە هەڕەشە لە مانەوەی کۆمپانیاکە دەکەن.







