ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی کەلدۆ ڕەمزی و ئەندامێتیی هەردوو پەرلەمانتار سامی ئۆشانە و عیماد یۆخەننا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران و تیشک خرایە سەر دۆخی پێکهاتەکان، بەتایبەت کریستیانەکان؛ هاوکات جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافەکانیان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسی و کایەی بەڕێوەبردندا کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ مافی هەموو پێکهاتەکان دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت هەمیشە پابەندە بە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی کریستیانەکان. هەروەها لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەران و حکوومەتی فیدراڵ کرایەوە لەپێناو پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا.







