پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو ڕیم ئالابالى ڕادۆڤان، وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەرپرسانی وەزارەت و بهڕێز کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا، پێكهاتبوو.
لە کۆبوونەوەيهکدا، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری، وەبەرهێنان و بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێکران.
نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا دووپاتکردەوە و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە.
لای خۆیەوە، خاتوو ڕادۆڤان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتیوانی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیریدا دووپاتکردەوە.
دۆخی ئێزدییان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو كه بهڕێز کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ئامادهى بوو.







