ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم، لە هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشان دا.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە گەلی کوردستان هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی دڵسۆزانەی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. لەمبارەیەوە ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەربڕی، هەروەها دووپاتی کردەوە کە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بایەخێکی گرنگی هەیە.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو، کە ئیمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو.







