ڕۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەلێكساندەر گارسیا باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق كرد.
لەدیدارەكەدا كە ئیمانوێل مینیۆ كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لە هەموو كاتێكدا وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان و سەرۆک بارزانی دەکات و ئەوەشی خستەڕوو كە سیاسەتی فەرمیی فەڕەنسا پشتیوانیكردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییە هەمەلایەنەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانە. چونكە هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەدا دەگێڕێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە تازەكەیدا. جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان بەچاوی ستایش و ڕێزەوە سەیری گەل و حكوومەتی فەڕەنسا دەكات بۆ هەموو ئەو پاڵپشتییانەی بەرانبەر گەلی كوردستان هەیانبووە و ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان شانازی بەو پەیوەندییانە دەكات و پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە ئەولەوییەتەكانی ئێمەیە.
بارودۆخی سیاسیی هەرێم و دواپێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.







