ئەمڕۆ سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: پۆلیسی دهۆک لە بوونی تاوانێکی کوشتن ئاگادار کراوەتەوە و دوای ئەوەی تیمەکانی بەدواداچوون لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادە بوون و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، دەرکەوتووە کە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی شارەکە ئافرەتێكی تەمەن 33 ساڵ بە چەند گولـلەیەک کوژراوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش داوە، لە ئێستادا تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری ڕووداوەکە، هاوکات تەرمی قوربانییەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە.







