بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییان بۆ دروستکراوە لەسەر بنەمای فۆڕمی خۆراکی (پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و سەرجەم ئیدارە سەربەخۆکانی دیکە)، پێویستە بە زووترین کات ڕێکارەکانی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراکیان ئەنجام بدەن.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، ئەو هاووڵاتییانە دەبێت تاوەکو ڕێکەوتی 2026/12/31 فۆڕمی خۆراکی خۆیان بگوازنەوە بۆ پارێزگای هەولێر، بەتایبەت بۆ سەر بنکەکانی (201 تاکو 223).
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر هۆشداریشی داوە لەوەی کە لە دوای ئەو بەروارەوە هەر هاووڵاتییەک فۆڕمەکەی نەگواستبێتەوە، کارتەکەی لەکار دەکەوێت و ناتوانێت جارێکی دیکە لە وەرگرتنی بەشە سووتەمەنی (بەنزین و غاز) سوودمەند بێت.







